ئایا شەڕی جیهانی سێهەم دەست پێ دەکات!؟

مەولود ئافەند/نووسەر و رۆژنامەنووس

پێدەچی هەموو خەونەکانی مودێرنیتە و سیستەمی کاپیتاڵیزمی سەرمایەداری جیهانی ئەمرۆ بە جەنگ و هەڕەشەی نێوان دوو زلهێزی جەمسەری سۆسیالیستی و سەرمایەداری دووبارە لەبەر یەک هەڵوەشێندرێتەوە،خەونە فانتازیەکانی سەرمایەداری پان ئەمریکایی و سیستەمی کاپیتاڵیزم ـ ئیمپریاڵیزمی چاوچنۆک و داگیرکەر کۆتایی پێ بێت و سنوورێک بۆ هەموو پێشرەوی و تاڵانکەرییەکانی دابنرێت.
ئەوی ئێستا هەموومان چاوەڕی دەکەن دەستپێکردنی شەڕێکی مێژوویی و ئایدۆلۆژیایی نێوان ئەم دوو وڵاتەیە لە رووی دوو پێکهاتەی سیاسی و ئایدۆلۆژیایی جیاواز
ئایا دونیا دووبارە دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی نێوان جەمسەری سۆسیاڵیزم و کاپیتاڵیزم!؟
بۆ ئەوەی زیاتر تێبگەین لە مێژووی شەڕی نێوان ئەم دوو جەمسەرە دەبێ خوێندنەوە و ڕاڤەیەکی قووڵمان هەبێت لە تێگەیشتنی مێژووی شەڕی جیهانی یەکەم و دووهەم کە بۆ کۆتایی پێ هێنانی دونیای دوو جەمسەری هاتەئاراوە،بەڵام هیچکات دونیا نەبووە تەک جەمسەر لە پێناو بەرژەوەندی سۆسیاڵیزم یا کاپیتاڵیزمدا…
ئەمرۆ دەبینین ئەمریکا بە هەڕەشە و گەمارۆ و هێرشی سەربازی بۆ سەر وڵاتی کۆریای باکوور خەریکی هەڵگیرساندنەوەی بڵیسەی ئاگری خۆڵەمێشە کۆنەکانی مێژووی خوێناوی خۆیەتی لە وڵاتانی ئاسیای دوور،دوای شکەستەکانی لە شەڕی ژاپۆن و ڤیتنام و ئەمرۆ دووبارە بەرۆکی کۆریای باکووری گرتووە و دەیهەوی هێز و تواناییەکانی خۆی لەسەر ئەم وڵاتە تاقیبکاتەوە لە سەدەی بیست و یەکەمدا،بەڵام ئەوەی بۆتە جێگەی نیگەرانی کۆی دانیشتووانی زەوی،بکارهێنانی بۆمبی ئەتۆمییە لەم شەڕەدا ئەگەر رووبدات،هەردوو وڵات خاوەنی هێزێکی بەڕگری زەمینی و ئاسمانی و دەریایی پێشکەوتوونە لەجیهاندا.
نیمچە دوورگەی (گوام) ئەم رۆژانە بۆتە ناوەندی هەڕەشە و پێکدادانی جیهانی و ئەگەری هەیە شەڕی جیهانی سێهەم هەر لەویەوە دەست پێبکات.(گوام) نیمچە دوورگەیەکی بچووکە کە رووبەرەکەی( ۵۴۹ )کیلۆمەتەر زیاتر نییە و نزیکی( ۱۶۰ )هەزار کەس دانیشتووی هەیە و پایتەختەکەشی دەبێتە( ئەگانا).
گوام یەکێکە لە بنکە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ئۆقیانووسی ئارام دا و بەشێک لە هێزەکانی دەریایی سوپای ئەمریکا لەو دوورگەیەدا جێگیر بوونە.
کۆریای باکوور لە نوێترین هەڕەشەی خۆی لە دژی ئەمریکا،ئاگاداری داوە بنکەی ئاندرسۆنی سوپای ئەمریکا لە دوورگەی (گوام) دەکاتە ئامانجی مووشەکەکانی خۆی.
“دۆناڵد تڕامپ”سەرۆککۆماری ئەمریکا هەفتەیەک پێش ئێستا هەڕەشەی لە کۆریای باکوور کرد و هۆشداری پێدا ئەگەر هەڕەشە لە ئەمریکا بکات،لەگەڵ (ئاگر و تۆڕەیی) ئەمریکا رووبەڕوو دەبێتەوە.ئەم هۆشداریەش بۆ هۆی ئەوەی کۆریای باکوور ڕایبگەیەنی کە سەرقاڵی پشکنینی هاویشتنی مووشەکی ئەتۆمیە بۆ سەر گوام…
بەرپرسانی باڵای سیاسی و نیزامی ئەمریکا و کۆریای باکوور لەم رۆژانەی دوایدا پەیتا پەیتا هەڕەشە لە یەکتری دەکەن بۆ دەستپێکردنی شەڕێکی نوێ لە جیهاندا کە بە جەنگی ئەتۆمی ـ یش دەناسرێت،ئەگەر بەشێوەیەکی مەیدانی بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەوە جیهان تووشی شەڕێکی گەورە دەبێتەوە.لە سەردەمی پێکدادانی شارستانییەتەکان و گفتوگۆی کولتورە جیاوازەکانی دونیای ئەمرۆ و ناوەندەکانی ئاشتی و دیمۆکراسیدا کە بەردەوام لەلایەن ئیمپریاڵیزمی ئەمریکاوە پرۆپاگەندەی بۆ دەکرێت و نەوی نوێ دوور نییە ئەم جەنگە ئەتۆمییەی لە ئەرشیڤی مێژووی خۆیدا تۆمار بکات.
کۆریای باکوور لەم هەفتانەی دواییدا تاقیکردنەوەی یەکەمین مووشەکی (بالستیی) خۆی ڕاگەیاند و هەواڵی ئەوەی بەگوێ ئەمریکا داداوە کە دەتوانن بەئاسانی دەستیان بگاتە خاکی ئەمریکا لە سەر جۆگرافیای خۆی.ئەم بابەتەش پەراوێزی گرژییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتەی زیاتر کرد و ئەمریکا پێوایە کۆریای باکوور بۆ یەکەمین جار کڵاوەکی بچووکی ئەتۆمی دروستکردوە کە دەتوانن لە مووشەکەکانی (بالستیک)دا کەڵکی لێوەرگرن بۆ هێرش کردنە سەر وڵاتانی جیهان و تێکدانی ئارامی و ئاسایشی وڵاتانی دڕواسی خۆشیان،ئەوەش بۆتە مەترسییەکی هەرە گەورە لەلایەن ئەمریکا و وڵاتانی زلهێزی دونیا،چۆن بوونی سیستەمێکی دەسەڵاتداری هاوشێوەی کۆریای باکوور لەناو سیستەمی نوێ جیهانی ئەمرۆدا زۆر وەڵامدەری خواست و داواکارییەکانی وڵاتانی ئیمپریاڵیزمی نییە و دەبێت پێش بەهەنگاوەکانی ئەم وڵات و جۆرە سیستەمانە بگێریت..
بە هەمووو پێوەرێکی پێوانەکردنی ئاستی هەڕەشە لەناوچەیەک، وەک پێوەری “هەڵکشانی ململانێی نێوان دوو هێز”، ئەو ئاماژەیە بە دەستەوە دەدات کە ڕێژەی هەڵکشانی ململانێ لە نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور لە نیمچە دوورگەی کۆریا، ئاستی هەڕەشەی لەو ناوچەیە گەیاندۆتە سەرووی هێڵی سوورەوە بە چەشنێک ئەو دەڤەرە خراوەتە دۆخێک، کە مەترسیی جەنگی ئەتۆمیی لێ بکەوێتەوە.
بەشێکی زۆر لە پسپۆرانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و جیۆپۆلیتیک، پێیان وابووە کە بە هۆی بوونی چەکی ئەتۆمییەوە مەترسیی سەرهەڵدانی “جەنگی جیهانیی سێیەم” لە ئارادا نییە،چونکە ئەگەر جەنگێکی لەو شێوەیە بەرپا بێت، ئەوا هیچ لایەک تیایدا براوە نابێت. بەڵام هەڵکشان و بەرزبوونەوەی ئاستی ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور لەم دوایییەدا، بە هۆی تاقیکردنەوەی مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور، خەریکە ئەو بۆچوونەی پسپۆران سەراوژێر بکاتەوە.‌ بەپێچەوانەوە، ڕه‌نگه خودی چەکی ئەتۆمی، هۆکاری سەرەکیی ڕوودانی جەنگێکی جیهانی بێت،بەو پێیەی کە ئەمریکا وا دەڕوانێتە پێشڤەچوونەکانی بواری سەربازیی کۆریای باکوور و تاقیکردنەوە بالیستییەکانی، بەتایبەتی لە ڕووی بەدەستەوەهێنان و فراوانکردنی ئەوەی کە پێی دەگوترێت “چەکی ستراتیژی”، وەک چەکی “ئەتۆمی”، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەو دەڤەرە.
ڕووبەری دڵەڕاوکێ (Tension) و هەڕەشە لە نیمچە دوورگەی کۆریا، تا دێت فراوانتر دەبێت؛ بەو پێیەی کە لایەنەکانی ململانێ، بیر لە چەکی ئەتۆمی دەکەنەوە وەک چەکێکی یەکلاکەرەوە بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێیەکە و کۆتاییهێنان بە دڵەڕاوکێ و هەڕەشەکان. بە دیوێکی دیکە، ناوچەکە لە بەردەم تەقینەوەی بۆمبی ئەتۆمییە؛ چونکە هەڕەشەکردن بە پەنابردن بۆ چەکی ئەتۆمی، لە بەرامبەردا وەڵام و بەرپەچدانەوەکه‌ی، بە هەمان شێوە بە چەکی ئەتۆمی دەبێت.

نیمچە دوورگەی کۆریای باکوور لە یاریی شەترەنجدا؛
گوام نیمچە دوورگەیەکی دوورە دەست لە ئۆقیانووسی ئارام دایە،دوورگەیەک کە دەکەویتە بەشی رۆژئاوای ئۆقیانووسی ئارام کە لەلایەن ئەمریکاوە ئیدارە دەکرێت و سوپای ئەمریکاش لەوی جێگر بوونە.
ئەم دوورگەیە لە رۆژهەڵاتی فلیپین و ئەندۆنێزیا و لە رۆژئاوای دوورگەی کۆریا هەڵکەوتووە،هەرچەندە نیمچە دوورگەی( گوام) بەشێک نییە لە خاکی ئەمریکا،بەڵام ئیداری ئەم دوورگەیە کەوتۆتە ژێر دەسەڵاتی ئەمریکا.
بەشێوەیەکی تر گەر کۆریای باکوور هەڕەشەکانی خۆی بخاتە بواری پراکتیکەوە ئەوە ئەگەری هەیە شەڕێکی بیست وچوار عەیار لەنێوان ئەمریکا و کۆریای باکوور بە کەڵک وەرگرتن لە بۆمبی ئەتۆمی رووبدات.
پێوەندییەکانی نێوان دوەڵەتی ئەمریکا و (گوام) لەلایەن دەفتەری کاروباری جەزائیر لە وەزارەتی وڵاتی ئەمریکادا سەرپەرشتی دەکرێت و مەودای نێوان( گوام)و دوورگەی (هاوایی)چوار بەرابەری مەودای لەگەڵ فلیپینە.
پرسی بەرزبوونەوەی ئاستی دڵه‌ڕاوکێ و هەڕەشە لە نیمچە دوورگەی کۆریا، پرسێکی لە ڕاددەبەدەر گرنگە بۆ کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی و هێزە گەورەکانی وەک: ئەمریکا، چین و ڕووسیا، تەنانەت بۆ تەواوی جیهان. ئەو پرسە، وەک یاریی شەترەنج وایە کە هەر هێزێک دەیەوێ داشەبەردی خۆی بە شێوەیەک بجووڵێنێت کە لە ئەنجامەکەی دڵنیا بێت؛ لەبەر ئەوەی دۆخەکە پێویستیی بە خوێندنەوەیەکی لەسەرخۆ و هۆشەمەندانەیە. بەپێچەوانەوە، جووڵاندنی هەر داشەبەردێک بە ئاراستەی هەڵە، ڕەنگە بۆ ناوچەکە و بۆ خودی هێزە یاریکەرەکان کارەساتبار بێت. نەخشە و پلانی ئەتۆمی لە یاریی شەترەنجدا لەسەر دوو ڕێسا و بنەما دادەڕێژرێت:
۱٫ ئەوەی زووتر گورز بوەشێنێت، ئەوا یارییەکە لە بەرژەوەندیی خۆی کۆتایی پێ دێنێت.
۲٫ سفرکردنەوەی بەرامبەر.
سەبارەت بە ڕێسای یەکەم؛ مەبەست لێی ئەوەیە کە ڕەگەزی “کات” زۆر گرنگە. ڕاستە دۆخەکە پێویستیی بە خۆێندنەوەی لەسەرخۆ و هۆشەمەندانەیە بۆ ئەوەی وەک ئاماژەم پێ کرد هەنگاوی هەڵەی لێ نەکەوێتەوە کە دواجار بۆ ئەو لایه‌نە بە زیان بشکێتەوە، وەلێ لە هەمان کاتدا خێرایی لە گورزوەشاندن زۆر گرنگە. کاتێک کە دۆخەکە دەکەوێتە سەر خاڵی تەقینەوە و، لەو چەشنە هەلومەرجەدا، هەر هێزێک زووتر گورزی خۆی بوەشێنێت ئەوا ئەنجامی یارییەکە مسۆگەر دەکات؛ چونکە گورزەکە گورزێکی ئەتۆمی دەبێت و بەتەواوی هاوکێشەکە یەکلایی دەکاتەوە. هەرچی سەبارەت بە ڕێسای دووەمیشە؛ مەبەست لێی ئەوەیە کە لە گورزی ئەتۆمیدا، پێویستە وه‌شاندنی گورزه‌که‌ بەو ئەندازەیە بێت کە هێزی ئه‌تۆمی لە لایەنی بەرامبەردا دابمالێت؛ بە شێوەیەک کە دەرفەت و توانای ئەوەی نەمینێت هێزی بەرپەچەدانەوەی ئەتۆمیی هەبێت.
ئەمریکا بۆ ئەوەی بتوانێت ئەنجامی یارییەکە مسۆگەر بکات، ئەوا هێزێکی سەربازیی زەبەلاحی لە نیمچە دوورگەی کۆریا کۆ کردۆته‌وه‌. لەو بارەیەوە سایتی “روسیا الیوم” ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا کەشتییەکی سەربازیی، که‌ لە جۆری هەڵگری ئەو فرۆکانەیە کە مووشەکی ئەتۆمییان پێیە، ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، وەک: فڕۆکەی B-52 Stratu fortis، فڕۆکەی B-2 Nur Throb و فڕۆکەی B-1 Rockwell. جگە لە فڕۆکەکان، ئەمریکا ژێرده‌ریاییشی بۆ ئەو ناوچەیە ناردووە؛ کە ئەمیش ڕوکێتی ئەتۆمیی ئەنبار کردووە،ڕۆکێتەکان دەتوانن لەژێر دەریاکاوە ناوچە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور بکه‌نه‌ ئامانج. سەرەڕای ئەم هێزە زۆروزەوەندە لە هێزی ئاسمانی و هێزی دەریاوانی،کە وەک ئاماژەم پێ کرد ئەمریکا لە نیمچە دوورگەی کۆریای جێگری کردوون، نزیکەی ۷۰ هەزار سەربازی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە هەر یەکە لە وڵاتی کۆریای باشوور و ژاپۆن بوونیان هەیە و، بۆ هەر ئەرکێک کە پێیان بسپێردرێت، ئامادەن.
ئەمریکا، سەرباری ئەوەی کە بۆ حاڵەتی پێویستی و زەرووری، هێزیکی زۆری لەو ناوچەیە کۆ کردۆتەوە، بەڵام ستراتیژییەتی ئەو وڵاتە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی مووشەکە بالیستییەکانی کۆریای باکوور، لەسەر دوو بنەمایە: یەکەم، پەنابردن بۆ ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکان (گفتوگۆ و دانوستاندن)؛ دووەم، پەنابردن بۆ هێزی ڕەق (هێزی سەربازی).
“ترامپ” لە دوایەمین پۆستی خۆیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێمە ئومێدمان هەیە کە بەیەکەوە لەگەڵ وڵاتی چین کێشەی مووشەکە بالیستییه‌کانی کۆریای باکوور چارەسەر کەین، بەڵام ئەگەر چین هاریکار نەبوو، ئێمە دەتوانین بەتەنیا چارەسەری کەین. مەبەستی “ترامپ” لەو لێدوانەی، ئەوەیە کە ئەمریکا لە دەسپێکدا هەوڵ دەدات کە ئەو پرسە مەترسیدارە بە ڕێگه‌ی دیالۆگ و گفتگۆ چارەسەر بکات، یاخود لە ڕێگه‌ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و سزا و ئابڵووقە بخرێتە سەر کۆریای باکوور بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تاقیکردنەوە بەردەوامەکانی مووشەکە بالیستییەکانی ئەو وڵاتە دیاری بکرێت و، ئەو وڵاتە لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت و، چیتر نەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە نیمچە دوورگەی کۆریا.
بەڵام کاتێک ئەو میکانیزمە، بێبەرهەم بێت و هیچی لێ سەوز نەبێت، لەو حاڵەتەدا، ئەمریکا پەنا بۆ بەکارهێنانی ئامرازی هێز دەبات. لە ئێستایشدا بیری لەوە کردۆتەوە بۆ ئەوەی کە مەترسییەکە لە ئەمریکاوه‌ دوور بێت، ئەمریکا هێزی خۆی لە نیمچەدوورگەی کووریا کۆ کردۆتەوە وەک ئاماژەم پێ کردبوو؛ ئەمەیش وەک ئاماژەیەک بۆ گوتەکەی “ترامپ” کە گوتی: “دەتوانین بەبێ هاریکاریی چینیش چارەسەری ئەو پرسە بکەین.” مەبەستی “ترامپ” ئەوە نییە کە ڕژێمی پیونگ یانگ لەناو بەرێت، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە کە ئەو وڵاتە لە چەکی ئەتۆمی دابماڵرێت، چونکە ئەمریکا له‌وه‌ تێ دەگات کە ئاماژەکردن و ناردنی پەیام لە لایەن ئەمریکاوە بۆ کۆریای باکوور، لەوەی کە بەنیازە ڕژێمی پیونگ یانگ لەناو بەرێت، ئەوا ڕەنگە کۆریای باکوور پێش ئەمریکا بکەوێت و گورزی ئەتۆمی بوەشێنێت؛ بۆ ئەوەی ئەو ڕژێمە نەکەوێت.
ستراتیژیی چین و ڕووسیا؛
کۆریای باکوور یەکێکە لە هاوپەیمانە گرنگەکانی چین و ڕووسیا. پەیوەندییەکانی چین لەگەڵ وڵاتی کۆریای باکوور لە سەردەمی دەسەڵاتی باوکی سەرۆکی ئێستای کۆریای باکوور، “کیم جۆن ئۆن”، باشتر بوو؛ بەو پێیەی کە ” کیم جۆن ئۆن” بەبێ ڕەزامەندیی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، بەتایبەتی چین، ڕووبەری دەسکەوتنی مووشەکی بالیستیی فراوانتر کردووە،ئەمەیش بەپێی بۆچوونی چین، ناوچەکەی تووشی دڵەڕاوکێ و مەترسیی گەورە کردۆتەوە.
ستراتیژییەتی چین و ڕووسیا بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە لە ئێستادا، بەو ئاراستەیەیە کە هەر دوو لا هەوڵدەدەن پرسەکە بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکەن،هیچ لایەک، نە ئەمریکا و نە کۆریای باکوور، پەنا بۆ هێز نەبەن. لەو بارەیەوە وەزیری دەرەوەی چین “وانگ یی لی” هۆشداریی دایە هەر دوو لا، کە ئەگەر هەر لایەک پەنا بۆ هێز ببات ئەوا خۆی بەرپرسیارێتیی تێکچوونی دۆخە هەڵدەگرێت. هەروەها وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە دا کە تێگەیشتنێکی تەواو لە نێوان وڵاتەکەی و ڕووسیادا بۆ دۆزینەوەی ڕێگه‌چارەیەکی ئاشتییانە هەیە. لە دانیشتنێکی نێوان هەر دوو وەزیری دەرەوەی ڕووسیا و چین، هەر دوو لا جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک (کۆریای باکوور، ئەمریکا، کۆریای باشوور، ژاپۆن، چین، ڕووسیا)، بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە بگەڕینەوە سەر مێزی گفتوگۆ و دانوستان.
کۆتایی؛
لە کۆتاییدا، دەمەوێ ئاماژە بەوە بکەم کە ناوچەکە سەرباری ئەوەی کە لە ڕووی هەلومەرجی سەربازییەوە لەسەر لێواری تەقینەوەدایە، لە هەمان کاتیشدا یارییەکە لە نێوان دوو یاریزانە (ترامپ و کیم جون ئون)، کە لە ڕووی سایکۆلۆژیی سیاسی و تایبەتمەندیی سەرکردەوە، سەرباری جیاوازیی تەمەنیان چەند خاڵێکی هاوبەشیان هەیە: هەردووکیان لە پەنابردن بۆ هێز و هەڕەشەکردن بە هێز زۆر گەرمن؛ بەو پێیەی کە هەردووکیان ئەزموونی سیاسییان کەمە و به‌ دوای دروستکردنی شکۆی که‌سین، بە بیانووی دروستکردنی شکۆی ئەمریکا و شکۆی کۆریای باکوور؛ هەردووکیان لە ئێستادا، دۆخی ناوچەکەیان گەیاندە ئەو ئاستەی کە خوێندنەوەی تەقینەوەی ئەتۆمی بۆ ئەو ناوچەیە بکرێت؛ “خوا ڕەحم بکات”.
ئەمریکا بەو سیستەمەی ئێستا هەیەتی (سیستەمی سەردەمی شەڕی سارد) ناتوانێت ئیتر سەرکردایەتی جیهان بکات، ئەمەش مانای ئەوەیە هەم دەبێت پێکهاتەو سیستەمی نەتەوە یەکگرتووەکان گۆڕانکاری بەسەردا بێت، هەمیش دەبێت سیستەمی ئەمریکا لەسەر ئاستی ناوخۆ و لەسەر ئاستی جیهانیش گۆڕانکاری بەسەردا بێت.
سەبارەت بەم دوو گۆڕانکارییە پێوستە لەسەر ئاستی جیهان و ئەمریکا، پرسیار ئەوەیە ئایا مەزندە دەکرێت یەکەمجار پێویستە سیستەمی ئەمریکا گۆڕانکاری بەسەردا بێت، یان بەپێچەوانەوە سیستەمی جیهانی؟
مێژووی ۱۰۰ ساڵی رابردووی جیهان کە دوو شەڕی گەورەی جیهانی و دوو رێکخراوی جیهانی (کۆمەڵەی گەلان و نەتەوە یەکگرتووەکان)ی تێدا دروست بووە، پێمان دەڵێت، هەم شەڕەکان ئەمریکا رۆڵی کاریگەری هەبووە لەکۆتایی پێ هێنانیان، هەم هەردوو رێکخراوەکەش لەسەر داواکاری و پێشنیاری ئەمریکا بۆ جیهان دامەزراون و ئامانجی بەجیهانیبوونی ئەمریکایی بۆتە سەنتەری بڕیار و ستراتیژییەکانی ڕێکخراوەی نەتەوەیەکگرتوەکان و دامەزراوەکانی تری جیهانی.
بۆ ئەوەی ئەمریکا بتوانێت سەرکردایەتی ئەم چەرخە لە گۆڕانکاریە خێرایەی جیهان بکات، لەماوەی ۱۶ ساڵی رابردووی هەر چوار ئیدارەی جۆرج دەبلیو بوش و باراک ئۆباما شێوازی جیاوازیان تاقی کردۆتەوە.
کەواتە لەماوەی ۱۶ ساڵی ڕابردوودا و لەمیانەی چوار ئیدارەی بەدوای یەکی ئەمریکادا، نەتوانراوە نە دیپلۆماسیەتی هێز و نە هێزی دیپلۆماسی مامەڵە لەگەڵ ئەم جیهانە خێرایەدا بکەن، بۆیە ئەم حاڵەتە چەقبەستوویە پێویستی بە شۆڕشێکی رۆشنبیری و کەلتوورییە کە بەتەواوەتی سیستەمی سیاسیی ئەمریکا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە.
فەشەلی ئەمریکا لەدووبارە بونیادنانەوەی عێراق،سووریە و ئەفغانستان و بەرهەمهێنانی “داعش” لەبری دیموکراسی ئەو حەقیقەتەی سەرەەمان بۆ روونتر دەکات و ئەمەش مانای ئەوەیە ئەمریکا لەهەردوو شەڕی عێراق و ئەفغانستان و لە پرۆسەی بونیادنانەوەی ئەو دوو دەوڵەتە زیاتر لە ۶-۸ ترلیۆن دۆلاری خەرجکردووە، ئاکامەکەشی ئەوەیە سوننەو شیعە، عەرەب و فارس و تورک و ئەفغانی هەموویان بەیەک دەنگ بە ئەمریکا دەڵێن؛(شەیتانی گەورە!).